Derbaz.Net !

ده‌ستپێک  :::  هۆنراوه‌  :::  هۆنراوه‌ به‌ ده‌نگ  :::  پۆسته‌ر  :::  ئێمه‌  :::  کتێبی هۆنراوه‌  :::  په‌یوه‌ندی

 

چه‌ند شیعرێکی شاعیر قه‌هار شێخانی




ئاوازی خه‌و

بۆ کوێ بەرم ئاهو ناڵەم
کێ ئاوڕم لێ ئەداتەوە
کێ بەزەیى بە من دادێ و
کێ باوەشم بۆ ئەکاتەوە
***
کێ گوێ ئەگرێ لە ئاوازى
خەمى ئەو دڵە شەیدایەم
ساڵانێکە هەر تەنیا خۆم
گوێ هەڵخستوى ئەو سەدایەم
***
لە بیابانى بێ ئومێدى
هێواش..هێواش..هەنگاو ئەنێم
هەرچى خۆزگەو ئاواتمە
بە ناچارى پێى لێ ئەنێم
***
پەیڤە ناسکەکانى ناخم
پیر بوون لە تافى جوانیدا
سەدان پرسیار لە هەستمدا
ئەژین لە چاوەڕوانیدا


29/10/2003

---

ده‌روازه‌ی ژان

دڵم شەیداى چرپەیەکى
لێوە ناسکەکانى تۆیە
کە هەڵفڕێ وەک پەپولە
لەم دەڤەرە پڕ نامۆیە
***
بێتە نێو شارى دڵم
شەقام..شەقام..بۆم بگەڕێ
پرسیار بکا لەو خەمانەى
کە هەمیشە لێم ناگەڕێ
***
ئەگەر وویستت بەمن شادبى
ئاونیشانى من ئاسانە
ئێستا ماڵم لە شارێکى
بێ ئەستێرە و بێ ئاسمانە
***
لە ڕووخسارى ئازارەکان
ئەدرەسى من ئەخوێنیەوە
لە دەروازەى هەر ژانێک دەى
بێ گومان بە ئەم بینیەوە


5/11/2003

---

سۆزی دڵ
 

واتێ نەگەى لە بیرم چووى
ئێستاش ناخم بۆت دەسوتێ
سۆزى دڵم وەکو شەماڵ
گەر هەڵى کرد بۆ لاى تۆ دێ
***
خۆشەویستم دڵنیابە
ئێستاکەش وەکو جاران
هەموو شەوێبەسەر سەرتا
دادەبارێم وەکو باران
***
ئێستاش لە نێو گڕى عەشقت
تنۆک ..تنۆک .ئەتوێمەوە
هەموو کاتێ لە دوورى تۆ
گۆرانى خەم دەلێمەوە
***
لەم غوربەتە ماڵى دڵم
بێ تۆ شارێکى ویرانە
سات بە سا تى چرکەى ژینم
هەر مەینەتى و دەردو ژانە


2/8/2003

---

شه‌وانی نیگه‌رانی

من کێم هەیە بێجگە لە تۆ
بۆم بسوتێ بە ئاسانى
بە دیار خەمم دابنیشێ
لە شەوانى نیگەرانى
* * *
شەو تا سەحەر هەر وەکو مۆم
پەنجەکانى داگیرسێنێ
ژوورى تاریکم ڕووناک کاو
هەناسەى شادیم بۆ بێنێ
* * *
لە دوورى تۆ من هەمیشە
وا خەمى خۆم ئەخۆمەوە
بە ڕۆژگارى ڕەش و شومى
ڕابردووى خۆم ئەڕۆمەوە
* * *
لەم غوربەتە دڵم تەنگە
شادى بەژینم نامۆیە
دیلى دەستى برینێکم
ئێجگار بە ئازار و سۆیە


10/3/2003

---

جه‌ژنانه‌

وەرە ئەم شەو هەناسەکەت
ئاوێزانى هەناسەم کە
ببە چەترى شادى دڵ و
خەمەکانم لەگەڵ بەشکە
***
زۆر هەوڵم دا بتدۆزمەوە
لە کونجێکى تاریکى شار
تا تێر لە باوەشت گرم
نەک هەرجارێ هەزاران جار
***
گوڵم کەى بۆم دادەبارێى
هەر وەکو ڕێژنە بارانێ
لە شەوێکى ئەنگوستە چاو
بەرێکەوت بێیتە ژوانێ
***
چەژنیش نەبێ بیکەیتە چەژن
بۆ ئەم دڵە پڕ لە ژانە
سەدان ماچى لێوى تەڕت
بۆ من بکەیتە چەژنانە



20/11/2003

---

چیرۆکی خه‌م

تەمەن کورت بوو گوڵى لاویم
لە ناکاودا لێم هەڵوەرى
هەورى ڕەشى وەرزى شادیم
بەبێ باران زوو تێ پەڕى
* * *
لە شەوانى یەڵداى تەمەن
ڕۆشناییەک بەدى ناکەم
کاروانى شادى جێی هێشتوم
هەرچەند دەکەم و پێى ئاگەم
* * *
تازە دەبێ هەروا بژیم
هەتا ماوم خەم بژمێرم
دوا نەمامى شادى دڵم
بە وەرزى پایز بسپێرم
* * *
کەسیش نیە بارى قورسى
ئەو خەمەم بۆ هەڵگرێ
لە تەنیایى من بڕوانێ و
گوێ لە ناڵەى دڵم بگرێ
* * *
بۆیە هەر خۆم کەزى درێژى
ئەو خەمەى خۆم ئەهۆنمەوە
هەردەم لە ڕەنگ و ڕووخسارم
چیڕۆکى خەم ئەخوێنمەوە

2/6/2003

---

لێت دانابڕێم
 

خۆشەویستیت وەک هەناسەم
بە ناخمدا شۆڕ بۆتەوە
بۆتە دڵۆپى خوێنى جەستەم
هەرگیز لێم جیا نابێتەوە
***
تۆ وەک نەمام لە کەنارى
دەریاى عەشقى من ڕواوى
بە نهێنى لەگەڵ هەست و
سۆزى دڵى من دواوى
***
لە هەر شوێنێ سەرنج بدەى
لەبەر دەمتام کڕنۆش ئەبەم
ڕۆژێ سەدجارحەزەکانم
لە ژێر پێتا لە خاچ ئەدەم
***
تا لێرەبى لە قەڵاوە
بانگى عەشقت ڕادەدێرم
هەموو شەوێ پەیامێکت
بە منارەدا بۆ ئەنێرم
***
کە چویتەوەش دڵنیابە
گوڵم لەوێش لێت دانابڕێم
شەوانە وەک مانگى چواردە
لە پشت گۆیژەوە بۆت هەڵد ێم

5/1/2004
 

Shexani80@yahoo.com

 

هه‌موو مافه‌کانی پارێزراوه‌ بۆ ماڵێک له‌ هۆنراوه‌ی کوردی . Derbaz.Net © 2008

دیزاین و نه‌خشه‌ سازی ماڵپه‌ڕ : Derbaz

 © IT4Kurd™ 2006-2008