Derbaz.Net !

ده‌ستپێک  :::  هۆنراوه‌  :::  هۆنراوه‌ به‌ ده‌نگ  :::  پۆسته‌ر  :::  ئێمه‌  :::  کتێبی هۆنراوه‌  :::  په‌یوه‌ندی

 

 

( من ناوێرم بتپه‌رستم )     -     ( ئه‌و ساتانه‌ی په‌شیمانم )

دوو شیعری ده‌رباز یونس




من ناوێرم بتپه‌رستم

من ناوێرم
له‌گه‌ڵ سروه‌ی به‌ر به‌یانا
له‌ یه‌که‌م ساتی نێو ژوانا
پڕ به‌ ده‌نگم
ناوت بێنم ...
له‌ نێو قه‌فه‌زی ئه‌وینا
په‌نجه‌کانم وه‌کو شانه‌
له‌ نێو پرچت ڕێگه‌ بگرێ و
قژی خاوتی پێ دابێنم ...
من ناوێرم
ناوت بێنم
نه‌وه‌ک چۆله‌که‌ی دابڕان
گوێ بۆ ناوی تۆ ڕادێرێ و
ئاشقی جوانی ناوت بێ ...
من ناوێرم بتپه‌رستم
گیانه‌ نه‌وه‌ک
گوناهی کفری سوژده‌ی من
له‌ مه‌ستی جوانی چاوت بێ ...
بۆیه‌ ئازیز
که‌ پڕ به‌ ده‌نگ ناوت نابه‌م ...
که‌ په‌نجه‌ی پڕ حه‌زی مه‌ستم
بۆ قژی ژاکاوت نابه‌م ...
وا مه‌زانه‌
وا تێمه‌گه‌
لێت بێزارم
نه‌وه‌ک چۆله‌که‌ی دابڕان
ئاشقی جوانی ناوت بێ
من ناوێرم ناوت بێنم ...
له‌ نێو قه‌فه‌زی ئه‌وینا
قژی خاوت بۆ دابێنم ...
نه‌وه‌کو بێ
گوناحی کفری سوژده‌ی من
له‌ مه‌ستی جوانی چاوت بێ
خۆشه‌ویستم ...
لێم ببوره‌ !!
من ناوێرم بتپه‌رستم ...

 

18.7.2008

------

ئه‌و ساتانه‌ی په‌شیمانم

په‌شیمانم
له‌و ساتانه‌ی به‌ ئه‌شقه‌وه‌
پڕ به‌ گه‌رووم ناوم ‌هێنای ...
په‌شیمانم
له‌ غوربه‌تا له‌ باوه‌شی سۆزم گرتی و
پرچی خاوم بۆ داهێنای ...
په‌شیمانم
له‌ چرکه‌یه‌ک
که‌ له‌ ناخا خۆشم ویستی ...
له‌و کاتانه‌ی
پایزی ڕووتم هه‌ڵوه‌ڕاند
گوڵێ سوورم دایه‌ ده‌ستی ...
په‌شیمانم
چی گولزاری ناخی تۆیه‌
له‌ رۆحی خۆم ئه‌یوه‌رێنم ...
هه‌ڕچی شیعره‌ بۆم نووسیوی
هه‌رچی گوڵه‌ بۆم هانیوی
هه‌رچی دیاریم بۆ کڕیوی
هه‌ر هه‌موویان ئه‌سوتێنم ...
خۆ من کۆرپه‌ی ده‌ستی مه‌رگی زریانێکی هه‌ڵئاوساو بووم
دڵی ماتی پڕ حوزنی خۆم
دایه‌ ده‌ستی ئه‌وینی تۆ
تۆش له‌ نێو ده‌ریایێ ژانا ...
له‌ نێو ناڵه‌ و نێ گریانا ...
له‌ نێو مه‌رگی به‌هاری رۆح
له‌ چرۆی به‌فری زستانا ...
هه‌ر په‌روه‌رده‌ی خه‌می کردم ...
له‌ نێو مه‌رگه‌ ساتی دووری
هێنده‌ت هێنام هێنده‌ت بردم ...
هه‌رچی شیعری هه‌ستم هه‌بوو
له‌ ڕووی چاوانت هه‌ڵوه‌ری ...
به‌هاری گه‌ڵای سه‌وزی ساڵ
به‌هاری ئه‌وینی مه‌ست و
به‌هاری عومریش تێپه‌ڕی ...
بۆیه‌ ئێستا ، په‌شیمانم
چی گوڵزاری ناخی تۆیه‌
له‌ رۆحی خۆم ئه‌یوه‌رێنم ...
هه‌رچی شیعره‌ بۆم نووسیوی
دانه‌ دانه‌
له‌ مه‌حشه‌ری ئه‌شقی دڵم
ئه‌یسوتێنم
ئه‌یسوتێنم ...

 

19.7.2008

 

شیعری ده‌رباز یونس

 

هه‌موو مافه‌کانی پارێزراوه‌ بۆ ماڵێک له‌ هۆنراوه‌ی کوردی . Derbaz.Net © 2008

دیزاین و نه‌خشه‌ سازی ماڵپه‌ڕ : Derbaz

 © IT4Kurd™ 2006-2008