Derbaz.Net !

ده‌ستپێک  :::  هۆنراوه‌  :::  هۆنراوه‌ به‌ ده‌نگ  :::  پۆسته‌ر  :::  ئێمه‌  :::  کتێبی هۆنراوه‌  :::  په‌یوه‌ندی

 

 شیعره‌کانی ئه‌رکان

 

سنوور و گڕ


که‌رکوك..
شارێکی کورد یه‌و
جێی ناهێڵم..
گه‌ر بزانم له‌وێدا خوێنم ده‌ڕێژرێ
جێی ناهێڵم..
گه‌ر بزانم له‌وێدا مێشکم ده‌پژێ
یه‌که‌.. یه‌که‌ی به‌ردی
سه‌ر شه‌قامه‌کانی ..
ڕه‌حیماوا و شۆڕجه‌
ده‌که‌مه چه‌کی ده‌ستم
گه‌ر دێن له‌ گه‌ڵماندا وه‌رن
گه‌ر ناشیه‌ن..
به‌ ته‌نیا هه‌ر خۆم .. منی میلله‌ت
له‌ سه‌ر ڕێی دوژمن
ده‌چیم له‌ حه‌مرین ده‌وه‌ستم
ده‌ست له‌ که‌س و
چاو له‌ که‌س و
ڕه‌حمیش له‌ که‌س
ناپارێزین
ئه‌وه‌ی دڕکی سه‌ر ڕێمان بێ
هه‌ر له‌وێ
خوێنی ده‌ڕێژین

شه‌ڕ هاتۆته‌ ..
به‌ر ده‌رگامان
ئه‌گه‌ر نه‌یکه‌ین
شه‌ڕ ده‌گاته‌ سه‌ر سه‌ربان و..
ناو جێگامان

هه‌ر له‌وێوه‌
له‌ سنوری پڕ له‌ فرمێ‌سك و خوێنه‌وه‌
تا قوڵای دڵی خاکم
تا قودسی زه‌رده‌شت په‌رستان
تا ئاگره‌که‌ی بابه‌ گوڕگوڕ
ئێمه‌ی پیر و ..
ئێمه‌ی لاو و.. ئێمه‌ی منداڵ
له‌ به‌ پێیان
ده‌بین به‌ دڕك.. ده‌بین به‌ مین
که‌رکوك ئاسا..
ده‌بین به‌ گڕ...
 

----

چاوه‌زار


سه‌‌یر نه‌بێ به‌ لا ته‌وه‌
وا به‌ دیقه‌ت
سه‌یرت ده‌که‌م !..
هێنده‌ جوانی
خۆ نه‌زانم له‌ پێشدا ..
سه‌یری کوێت بکه‌م
سه‌یری چاوت
یان هی لێوت
یاخود باغی جوته‌ سێوت

لاروله‌نجه‌ت ئاوازێکه‌
ده‌هه‌ژێنێ هه‌ستی شیعرم
وا هه‌ست ده‌که‌م
که‌ منداڵێکی لاسارم
له‌ ئامێزتا ئۆقره‌ ده‌گرم

هه‌ر هه‌نگاوێ
که‌ تۆ ده‌ینێی
له‌ دوایه‌وه گوڵ ده‌بارێ
تو خوا
له‌ ماڵ نه‌یه‌یته‌ ده‌ر
هه‌رگیز به‌بێ چاوه‌زارێ
نازانم ..
بۆ هێنده‌ جوانی
تۆ سه‌یری خۆتت کردووه
باشه‌ خۆ هه‌مان خواوه‌نده‌
ئێمه‌شی دروست کردووه‌ !..

Sarkan82@live.de
 

هه‌موو مافه‌کانی پارێزراوه‌ بۆ ماڵێک له‌ هۆنراوه‌ی کوردی . Derbaz.Net © 2008

دیزاین و نه‌خشه‌ سازی ماڵپه‌ڕ : Derbaz

 © IT4Kurd™ 2006-2008