Derbaz.Net !

ده‌ستپێک  :::  هۆنراوه‌  :::  هۆنراوه‌ به‌ ده‌نگ  :::  پۆسته‌ر  :::  ئێمه‌  :::  کتێبی هۆنراوه‌  :::  په‌یوه‌ندی

 

چه‌ند هۆنراوه‌یه‌ک - ڕێبه‌ند هه‌ڵه‌بجه‌یی

چاوەڕوانى


چاوەڕوانم هەموو کاتێ
لەبەیانى تا شەو دادێ
هەتاکو بێیت و بتبینم
شادکەی دڵەى غەمگینم
بێتۆ ژیان لاى من خەمە
دنیام هەبێت لاى من کەمە
ئەوینى خۆشەویستى تۆ
لاىنەهێشتووم ڕەنگ و بۆ
بەهیواتم ڕۆژێ دابێ
لاتبم بۆ تەنها ساتێ
بێمەوە باوەشى گەرمت
تێر بمژم ڕوومەتى نەرمت
تا لە جوانیت بشکێ تاسەم
بــا کـەم هـەڵـکـێـشـم هـەناسـەم ....

 

-----

هه‌ناسه‌که‌م

هــەنــاســـەکـــــەم ،،،
من تەنیام و دڵنیابە
هەر بە تەنیاش خۆشم ئەوێیت
وەک ،، ماسى و چەم ،،،،
وەک ،، زین و مەم
وەک چۆن پێدەشتى شارەزوور
سۆزى چیاکانى ئەوێ
خۆشم ئەوێت
وەک چۆن ،،
نالى بۆ حەبیبە ، و ، وەلى بۆ شەم
لەگۆڕیشا یەکیان ئەوێ
خۆشم ئەوێت .
من نامەوێ سێبەرم بیت
کەبۆلات بێم تۆ لێم هەڵبێیت
کەلێت هەڵبێم بەرەو لام بێیت ،
من هەمیشە بەدووای تۆدا وێڵ و شەیدام .
ئەگەر هەوری چاوەکانت ،،، تەنها جارێ
بەسەر کێڵگەى ڕۆحما داکاو
گووڵى هیوام بژێتەوە
بۆهەمیشە ناڵێم تەنیام ،،،، ناڵــــــــێم تــەنیام ...
دڵــــــنــیـابـــە خـــــــــۆشــــــم ئـــەوێت .
 

------

خه‌می دووری


 بۆ نه‌ناڵێم
له‌کاتێکا خه‌می دوریت
بۆته‌ قوڵپێک له‌ گریان و
تادێ قوڵتر ئه‌متاسێنێ ،،
بۆچی به‌سه‌ر خۆما نه‌ده‌م
بای بێواده‌ی وه‌رزی کۆچت
وا خه‌ریکه‌
گووڵی هیوام ئه‌وه‌رێنێ ،،
من ئێستاکه‌ له‌ بێتۆی
هه‌وارێکی بێده‌نگم و
له‌ناو بیل بیله‌ی چاوه‌کانتا
قه‌تیس ماوم ،،
ڕێبوارێکی عه‌وداڵم و
بۆ دوری تۆ
ده‌ست به‌سراوو
کۆت کراوم ،،
ئه‌م ئێستاکه‌
خه‌می دوریت
بۆته‌ باڵنده‌یه‌کی کۆچڕه‌وو
وا خه‌ریکه‌
هێلانه‌ی تۆ له‌ هه‌ناوما چۆڵ ئه‌کا ،،
کانی چاوم بۆ بێده‌نگیت
وا تۆفانێک
له‌ پایزی ئه‌م ته‌مه‌نه‌مدا ساز ئه‌کا ،،
بۆ هه‌میشه‌ تارمای تۆ
له‌ شه‌وانی ده‌یجوریدا
ئاڵاوه‌ به‌ گه‌ردنماو
یاده‌کانتم له‌مساته‌دا نیشان ئه‌دا ،،
نامه‌کانت جارێکی تر
دێنه‌وه‌ ناو ئه‌م شه‌وگاره‌و
له‌گه‌ڵ شێوه‌ت
له‌به‌ر چاوما سه‌ما ئه‌کا ،،
بڕوا ناکه‌م
کۆچی دوریت له‌ ناخما
بۆ هه‌تایا
جوانیه‌کانت بشواته‌وه‌ ،،
گه‌رچی دڵم بۆ ئه‌م دوریه‌ت
له‌ناو کونجی غوربه‌تایه‌و
به‌ڵام هه‌رگیز
 گوڵی شێوه‌ت
گه‌رچی به‌ جه‌سته‌ لێم دوربێ
به‌ڵام ڕۆحت
 تێکه‌ڵ بهخوێن و‌ ئه‌وینمه‌و
بڕوا ناکه‌م
بۆ چرکه‌یه‌ک جیا بێته‌وه‌ ،،
من هه‌میشه‌ خۆشمئه‌وێیت
له‌ هه‌رکوێبی                        
چاوم هه‌وری ئاسمانێکه‌و
هێدی هێدی
نمه‌ی باران به‌سه‌ر کێڵگه‌ی
ڕۆحی تۆدا ئه‌بارێنێ ،،
له‌ هه‌رکوێبی
دڵم تیشکی هه‌تاوێکه‌و
ڕۆژی سه‌د جار
خۆی له‌ده‌وری گۆناکانت
ده‌ئاڵێنی ،،
دڵنیابه‌ خۆشم ئه‌وێیت .

Reband-halabjay@hotmail.com  
 

هه‌موو مافه‌کانی پارێزراوه‌ بۆ ماڵێک له‌ هۆنراوه‌ی کوردی . Derbaz.Net © 2008

دیزاین و نه‌خشه‌ سازی ماڵپه‌ڕ : Derbaz

 © IT4Kurd™ 2006-2008