Derbaz.Net !

ده‌ستپێک  :::  هۆنراوه‌  :::  هۆنراوه‌ به‌ ده‌نگ  :::  پۆسته‌ر  :::  ئێمه‌  :::  کتێبی هۆنراوه‌  :::  په‌یوه‌ندی

 

له‌ ده‌ستم دێ

له‌ ده‌ستم دێ
کاتژمێری کامه‌رانیت بوه‌ستێنم
له‌ ده‌ستم دێ
ئه‌لقه‌ی په‌نجه‌ت پێ فڕێ ده‌م
نامه‌ی به‌ختت بسوتێنم

له‌ ده‌ستم دێ
هه‌موو شتێک ئاشکرا که‌م
کام شه‌وت گه‌ش و ڕووناکه‌
ئه‌و شه‌وی پف له‌ چرا که‌م

له‌ ده‌ستم دێ ، به‌ دوو وشه‌
دڵی زاوای نووستووت ڕه‌شکه‌م
له‌ خۆشاوت شه‌وی په‌رده‌تان بێبه‌ش که‌م

نامه‌کانت یه‌ک یه‌ک ماون
دیارییه‌ ساده‌کانت یه‌ک یه‌ک ماون
چاویان شۆڕه‌
ده‌ست له‌سه‌ر سنگ بۆم وه‌ستاون
له‌ تاوی ئه‌و کاره‌ساته‌م
ئاره‌قه‌ی شه‌رم ده‌تکێنن
مۆری حه‌زێکی ئاگرین
به‌ناو چاوته‌وه‌ ده‌لکێنن

تاڵێکی پرچت نه‌ماوه‌
تێر تێر بۆنم نه‌کردبێ
جێی ده‌رزیه‌ک
له‌ سنگی برسیت نه‌ماوه‌
په‌نجه‌م په‌ی پێ نه‌بردبێ

گه‌واهی ده‌ده‌ن
دارتێله‌کانی سه‌ر شه‌قام
گه‌واهی ده‌ده‌ن ئه‌وانه‌ی
نامه‌ی تۆیان بۆ ده‌هێنام

به‌ڵێ گیانه‌
گه‌ر بمه‌وێ
کاتژمێری کامه‌رانیت بوه‌ستێنم
گه‌ر بمه‌وێ
ئه‌لقه‌ی په‌نجه‌ت پێ فڕێ ده‌م
نامه‌ی به‌ختت بسوتێنم
به‌ڵگه‌م پێیه‌
هه‌زار به‌ڵگه‌ی ئاشکرا و ڕوون
به‌ڵگه‌ی چوار ساڵ پێکه‌وه‌ بوون
به‌ڵام ... چبکه‌م
خۆشه‌ویستیت - نه‌هه‌نگێنه‌
خوێنی هه‌ڵچووم ده‌خواته‌وه‌ ...
خۆشه‌ویستیت - ڕووبارێکه‌
قینی ڕه‌شم ده‌شه‌واته‌وه‌

21/1/1970
کوردستان

عبدالله‌ په‌شێو

 

هه‌موو مافه‌کانی پارێزراوه‌ بۆ ماڵێک له‌ هۆنراوه‌ی کوردی . Derbaz.Net © 2008

دیزاین و نه‌خشه‌ سازی ماڵپه‌ڕ : Derbaz

 © IT4Kurd™ 2006-2008